وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەی ژمارە (23)ی ئەنجوومەنی چاودێری نەوجەوانان بڕیاریدا كار لەسەر سەندنەوەی مافی سەرپەشتی و بەخێوكردنی ئەو منداڵانە لە خێزانەكانیان بكات، کە لەسەر شەقامەکان سواڵ دەکەن و کاریان پێدەکەن.
محەممەد قادر هاودیانی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەبارەی دەرکردنی ئەو بڕیارە رایگەیاند "ئەم بڕیارە بە راوێژکردن لەگەڵ ژمارەیەک وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و لەڕێگەی ئەنجوومەنێکەوە دەركراوە".
محەممەد هاودیانی دەڵێت "وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، ئەنجوومەنێکی هەیە، ئەو ئەنجوومەنە لەلایەن خودی وەزیرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و تایبەتە بە چاودێریکردنی نەوجەوانان، لەو ئەنجوومەنەدا چەندین وەزارەت و دامەزراوە بەشدار و ئەندامن، لەوانە وەزارەتی ناوخۆ، پەروەردە، تەندروستی، داد، ئەنجوومەنی دادوەری و دەستەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان".
محەممەد هاودیانی دەشڵێت "ئەو بڕیارەی ئێمە دەرمانکردووە، بە بۆچوونی ئێمە بڕیارێکی تەندروست و لەجێی خۆیەتی، ئێستا تەنیا بۆ ئەو منداڵانەیە کە سواڵ دەکەن، بەپێی یاسای کاری عێراقیش لە داهاتوودا کاری دیکەمان هەیە، بۆ ئەو کەسانەی کار بە منداڵەکانیان دەکەن".
محەممەد هاودیانی ئاماژە بەوە دەدات، ئەوان هەوڵی زۆریانداوە بۆ ئەوەی رێگری بکەن لەوەی سوڵ بە منداڵ نەکرێت، "چونکە بەهۆی سواڵکردنەوە لایەنی دەروونی منداڵ تێکدەشكێت و وای لێدەکات کەسایەتی خۆی لەدەست بدات، لە هەرێمی کوردستانیش لەداوی هاتنی ئاوارەکان ئەو رێژەیە زۆر زیادیکردووە، رۆژانە خەڵکانێک منداڵەکانیان بۆ سواڵکردن بەکاردەهێنن".
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی زیاتر گوتی "لە کۆنگرەی کاری نێودەوڵەتی کە لە جنێف بەسترا، ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیاری ئەوەمان کرد، ئەوان یارمەتیدەرمان بن بۆ پڕۆژەیەک لە رێگەیەوە رێگری لە کارکردن و سواڵکردن بە منداڵان بکەین".
محەممەد هاودیانی روونیكردەوە "لە هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی گەورەمان هەیە، ئەم پرۆژەیە بەناوی سیاسەتەکانی پاراستنی منداڵە، ئەم پرۆژەیەمان لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی کردووەو کۆتاییمان پێهێناوە، بەنیازین لە هەندێک شوێنی کوردستان جێبەجێی بکەین وەکو قۆناخی یەکەم بۆ ئەوەی بزانین تاچەند سەرکەوتوو دەبێت".
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی راشیگەیاند "ئێمە چەند پڕۆژەیەکمان هەیە، یەكێك لە پڕۆژەكان بەناوی خێزانی جێگرەوەیە، کە ئێستا ئەویشمان تەواو کردووە و هەندێک منداڵیش خەریکە دەیانخەینە نێو خێزانی دیکەوە، بۆ نموونە لە ئاوارەکانی شنگال نزیکەی 618 منداڵی بێ دایک و باوکمان دۆزییەوە، هەموومان خستوونەتە خێزانی دیکە کە خزم و کەسو کاری خۆیانن، وەزارەتیش پاڵپشتیان دەکات".
هاوكات حاکم جەودەت سەعید، ئەندامی دەستەی نەوجەوانان لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتى، تیشکی خستە سەر رووە یاساییەکەوە و گوتی: "بەپێی یاسا سواڵکردن وەکو تاوان سەیر دەکرێت".
حاکم جەودەت گوتی "لە ماددەی 390 لە یاسای سزادانی عێراقی هەموارکراو، زۆر بە روونی لە دوو بڕگە باسی لێوە کراوە، لە بڕگەی یەکەم دەڵێت: ئەو کەسانەی تەمەنیان لەسەرووی 18 ساڵەوەیە، کە داهاتێکی رێگەپێدراوی هەبێت و پێی بژیێت، توانای کارکردنی هەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئەو داهاتە، بەڵام لەسەر رێگا گشتییەکان ببینرێت سواڵ دەکات، دەبێت زیندانی بکرێت بۆ ماوەیەک لە مانگێک زیاتر نەبێت".
هەروەها گوتیشی "لە بڕگەی دووەم، ئەگەر هاتوو ئەنجامدەری ئەو کارە 18 ساڵی تەواو نەکردبوو، ئەحکامی بەرپرسیارێتی نەوجەوانانی لەسەر جێبەجێ دەکرێت، کە لە ماددە 24ی یاسای چاودێری نەوجەواناندا هاتووە".
ئەو ئەندامەی دەستەی نەوجەوانان لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، ئاماژەی بەوەش كرد "ئەو منداڵانە دەخرێنە خانەی پێگەیاندنی نەوجەوانان، ئەو خانەیە ئەو کەسانەی لێ دادەنرێت، کە بەپێی یاسا پێیان دەگوترێت بێ رێوشوێن یان لاسار، یاسا دیاری کردووە کەسی لاسار کێیە، لە ماددەی 24 دەڵێت هەر منداڵێک ببینرێت سواڵ دەکات، ئەوە پێیدەگوترێت لاسار، یان لە شوێنە گشتییەکان سواڵ بکات، یان وا خۆی پیشان بدات تووشی برینداری بووە، یان فێڵ بکات بۆ بەدەستهێنانی سۆزی خەڵک".
ئهم ههواڵه له سایتی ڕووداو وهرگیراوه.