له سلێمانی، حه‌وت لیژنه پرۆسه‌ی پێداچوونه‌وه‌كه به‌رێوه‌ده‌به‌ن.
له سلێمانی، حه‌وت لیژنه پرۆسه‌ی پێداچوونه‌وه‌كه به‌رێوه‌ده‌به‌ن.
وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ستیكرد به پێداچوونه‌وه به جۆر‌و رێژه‌ی ئه‌و كه‌مئه‌ندامانه‌ی كه سوودمه‌ندن له هاوكاری كه‌مئه‌ندامی له وه‌زاره‌تی كار. له‌م راپۆرته‌دا ورده‌كاری و زانیاری وورتر له باره‌ی پرۆسه‌ی پێداچوونه‌وه‌كه ده‌خه‌ینه‌ڕوو: دوایی ئه‌وه‌ی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌به‌ره گشتیه‌كانی چاودێری و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی له شاره‌كان كۆبوونه‌وه‌و پلانی چۆنیه‌تی ده‌ستپێكردن و ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرم بۆ لیژنه‌كانی پزیشكی و چۆنیه‌تی ووردبینی كردن بۆ ئه‌و كه‌مئه‌ندامانه‌ی هاوكاریه‌كه‌یان هه‌یه و له نێوان گریمانه‌ی شایسته‌و شایسته‌نه‌بوون بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له پارێزگای سلێمانی له به‌رواری ( 26 ی 7ی 2016 ) پرۆسه‌ی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرم ده‌ستیپێكرد له باره‌ی چۆنیه‌تی میكانیزمه‌كه‌وه ئاشتی ابراهیم محی ا‌لدین، سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای پێداچوونه‌وه‌ی لیستی هاوڵاتیانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له لێدوانێكیدا بۆ ماڵپه‌ری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی چاودێری و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رچاوروونی زیاتریداو ووتی: حه‌وت لیژنه له به‌رێوه‌به‌رایه‌تی تۆری پاراستنی سلێمانی رۆژانه پێشوازی له سودمه‌نده‌كان ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرم و ئاراسته‌كردنی فۆرمه‌كان بۆ لیژنه پزیشكیه‌كان و رێكخستنی كات بۆ بینینیان له لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه به پێی به‌رنامه‌یه‌كی ئاشكرا‌و تۆكمه. ناوبراو باسی له‌وه‌كرد كه پرۆسه‌كه سه‌ره‌تا بۆ ئه‌وانه‌یه كه هیچ مووچه‌یه‌كیان نیه‌و واته ته‌نها هاوكاری كه‌مئه‌ندامی له حكومه‌ت وه‌رده‌گرن. ئه‌مه وه‌كو ئاسانكاری بۆكه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی و باش به‌رێوه‌چوونی پرۆسه‌كه.
لیژنه‌كان به پێی جۆری نه‌خۆشی و كه‌مئه‌ندامیه‌كان پێكهێنراون دوای پڕكردنه‌وه‌ی هه‌ر فۆرمێك به پێی خشته‌یه‌كی گونجاو فه‌رمانبه‌رێكی رێكخه‌ر فۆرمه‌كان ئاڕاسته‌ی لیژنه‌كان ده‌كات و هه‌مان رێكخه‌ر په‌یوه‌ندی ده‌كات به خاوه‌ن پێداویستیه‌تایبه‌ته‌كه‌وه و شوێن و كاتی پشكنینه‌كه‌ی پێراده‌گه‌یه‌نێت ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی فۆرم مه‌رج نیه كه‌سه‌كه خۆیی ئاماده بێت به‌ڵكو كه‌سێكی نزیكی كه‌مئه‌ندامه‌كه ده‌توانێت فۆڕمه‌كه‌ی بۆ پڕبكاته‌وه به مه‌رجێك پێداویستیه‌كانی مامه‌ڵه‌كه‌ی تێدا بێت كه ئه‌وانیش: (كۆپی فۆڕمی خۆراك و ناسنامه‌ی باری شارستانی و كاری زانیاری و ناسنامه‌ی مووچه‌ی كه‌مئه‌ندامێتی و دوو وێنه‌و ژماره ته‌له‌فۆنی كه‌مئه‌ندامه‌كه‌و كه‌سێك له خێزانه‌كه‌ی).
سه‌ر په‌رشتیاری لیژنه‌ی باڵای پێداچوونه‌وه‌ی لیستی هاوڵاتیانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له ئامارێكیدا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه تا به‌رواری ( 13 ی 8 ی 2016) (11 ) هه‌زارو (562) فۆرم له سنوری پارێزگای سلێمانی پڕكراونه‌ته‌وه‌و له‌و ژماره‌یه‌ش (705) فۆرمیان به ئه‌نجامه‌كانی پشكنینی پزیشكیه‌وه گه‌رێنراونه‌ته‌وه .جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه كه هه‌ماهه‌نگیه‌كی ته‌واو له نێوان به‌رێوه‌به‌رایه‌تی تۆری پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی و لیژنه‌كانی پشكنینی پزیشكیدا هه‌یه‌و پرۆسه‌كه‌ش رۆژانه به‌رده‌وامه سه‌باره‌ت به ئه‌وانه‌ی كه دوومووچه‌ن یان فه‌رمانبه‌رن ووتی: دیارنیه كه چ كاتێك ده‌توانن فۆرم پڕبكه‌نه‌وه به‌ڵام هه‌ر كات بڕیارێك هه‌بێت له‌و باره‌یه‌وه بێگومان راده‌گه‌یه‌نرێت.
له باره‌ی كه‌مئه‌ندامانی شار‌و شارۆچكه‌كان ئه‌وه‌ی خسته ڕوو، كه له ئێستادا له به‌رێوه‌به‌راتیه‌كانی چاودێری و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌نها فۆرم پڕده‌كرێته‌وه هێشتا له‌و ناوچانه لیژنه‌ی پشكنینی پزیشكی پێك نه‌هێنراوه.
له باره‌ی ئه‌و پرسیاره‌ی كه كاری لیژنه‌كانی پێداچوونه‌وه په‌یوه‌ندی هه‌یه به راگرتنی مووچه‌ی مانگانه‌ی كه‌مئه‌ندامان په‌وه‌ندیمان كرد به به‌رێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵاتیه‌وه ووتی: هیچ بریارێك له باره‌ی نه‌دان و راگرتنی مووچه‌ی كه‌مئه‌ندامانه‌وه نیه ته‌نانه‌ت وه‌زاره‌ت له گه‌ڵ لیستی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیدا خشته‌ی مووچه‌ی كه‌مئه‌ندامانی ره‌وانه‌كردووه به‌ڵام وه‌زاره‌تی دارایی هیچ وه‌ڵامێكی له باره‌ی خه‌رجكردنیه‌وه‌نیه.
همزه مغدید، ئه‌وه‌شی ووت: كه ئامانجی ئه‌م پێداچوونه‌وه‌یه دیاریكردنی خه‌ڵكی شایسته‌یه‌و ده‌شڵێت: مه‌زه‌نده ده‌كرێت له كۆیی سوودمه‌ندان ته‌نها له 11% رێژه‌كه شایسته بن به هاوكاری كه‌مئه‌ندامی.
سه‌باره‌ت به كه‌مئه‌ندامانی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان لیژنه‌ی پشكنینی پزیشكی سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه ده‌كات و كه‌مئه‌ندامان له ناوچه‌كانی خۆیان ده‌بینرێن به‌ڵام پاش كه‌متر بونه‌وه‌و كۆتایی هاتنی كاری لیژنه‌كان له شاره‌كان و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پڕكردنه‌وه‌ی فۆرم له‌و ناوچانه به‌رده‌وامه.
راگه‌یاندنی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی چاودێری و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی سلێمانی.