بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی، ئامارو زانیاریی نوێ لە دۆخی کۆرۆنادا دەخاتەڕوو.
لە ماوەی نێوان ١٢ی ٣ تا ٢٠ی ٤ی ٢٠٢٠، لە ڕێگەی دامەزراوە جیاجیاکان و تیمەکانی توێژەرانەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی بەردەوام بووە لە کارو خزمەت و توانیویەتی بێجگە لە بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانەی دامەزراوەکانی کە پێویست بووە بەردەوام بن لە دەوامکردن و خزمەتکردن، خزمەتگوزاری پاراستن و لە خۆگرتن بۆ ئەو ژن و منداڵ و بەساڵاچووانە دریژە پێ بدات کە لە ماوەی کەرەنتینەو خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆرۆنا پێویستیان بە چاودێری کۆمەڵایەتی هەبووە تا بەهانایانەوە بچێت.
لەو ماوەیەدا ئامارو داتاکان بەمجۆرەبوون:
١ـ لە ڕێگەی ماڵەکانی منداڵانەوە، توانراوە (٢٠) منداڵ لە خۆ بگرێت کە لە ماوەی ئەو (٤٠) رۆژەی خۆپارێزی لە کۆرۆنا پێویستیان بە لە خۆگرتن هەبووە، ئەمە بێجگە بەردەوامی خزمەتگوزاری بۆ ماڵەکانی منداڵان لە (ماڵی ساوایان، ماڵی منداڵانی کوڕان، نەوجەوانانی کوڕان، ماڵی نەوجەوانانی کچان) کە زیاتر لە (٥٥)منداڵیان لە خۆگرتووە.
٢ـ لە ڕێگەی ماڵی بەساڵاچووانەوە توانراوە (٢) بەساڵاچوو لە خۆبگرێت، بێجگە لە بەردەوامی خزمەتگوزاری چاودێری کۆمەڵایەتی بۆ ماڵی بەساڵاچووان کە ژمارەیان (٥٥) بەساڵاچووە.
٣ـ لە رێگەی ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراوی سلێمانیەوە، توانراوە (٦) ژن بپارێزێت، کە لە ماوەی ئەو کەرەنتینەدا ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوەو پێویستیان بە داڵدەدان بووە.
٤ـ لە ماوەی کەرەنتیەو خۆپارێزیدا، هێڵی گەرمی فریاکەوتنی منداڵان، توانیویەتی بە درێژایی هەفتەو ڕۆژانە لە سەعات (٨,٣٠) بەیانی بۆ (٦,٠٠)ی ئێوارە کاربکات و وەڵامی پەیوەندییەکان بداتەوە، کە لەو ماوەیەدا پەیوەندییەکان بەمجۆرە بوون:
ـ وەڵامی (١٠٩٥) هەزارو نەوەدو پێنج پەیوەندی دراوەتەوە کە لە کاتی کارکردنی هێڵەکەدا کراون.
ـ کێشە وەڵامدراوەکان و چارەسەرکراوەکان بەمجۆرە بوون: (١٥٥ کێشەی تەندروستی و پەیوەندیدار بە نەخۆشی کۆرۆنا، ٣٥ کێشەی هاووڵاتیانی ئاوارە، ٢٨ کێشەی خێزانی، ٧ کێشەی تەندروستی، توندوتیژی ٢ کێشەی خێزانی).
٥ـ وەڵامدانەوەو بە هاناوەچوونی سەدان هاووڵاتی هەژارو کەم دەرامەت.
٦ـ بەردەوامی چاودێری و خزمەتگوزاری بۆ منداڵانی ئاوارە لە کەمپەکان لە ڕێگەی پڕۆژەی پاڵپشتی منداڵ و خێزان سەر بە بەشی پارێزگاری خێزان بەهاوکاری ڕێکخراوی یونسێف.
لەبارەی کاری بەڕێوەبەرایەتییەکانی لە دۆخی کۆرۆنادا، بەڕێز م.عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی بە سایتی فەرمیمانی ڕاگەیاند:" لە دۆخی کرۆنادا ڕووبەڕووی تەنگژەی زۆر بووینەوە، بەڵام بە پشتیوانی خوای گەورەو دڵسۆزی کارمەندانمان و هیممەت بەرزی هەموو لایەک توانیمان ئەدایەکی زۆر باش پێشکەش بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش پاش خوای گەورە، پێویستە سوپاسی زۆر ئاراستەی کارمەندانو بەرپرسان و بەڕێوەبەرەکانمان بکەین کە ئازایەتی و جوامێریان نواند لەو ماوەیەدا".
هەروەها وتی:" بێجگە لە پاراستن و داڵدەدانی ژنان و لە خۆگرتنی بەساڵاچووان و منداڵان و کراوەیی دەرگای وەرگرتن و بەهاناوەچوون بۆ هەر حاڵەتێک، بە خۆشحاڵیەوە توانیومانە بەشدارێکی کاراو دڵسۆز بین لە گەیاندنی هاوکاری بە چەندین خێزان لە شارەکانی سلێمانی و چەمچەماڵ و دەربەندیخان و ڕانیەو قەڵادزێ و قەزاو شارو شارۆچکەکانی سنوری ئیدارەی پارێزگای سلێمانی، کە لەلایەن بەڕێز وەزیری کارو دام و دەزگا و کەسایەتییە خێرخوازییەکانەوە پێمان گەیشبوون".
هەروەها بەڕێوەبەری گشتی وتی:" سوپاس بۆ خوا کە خوای گەورە گەلەکەمانی پاراست لە هەڕەشەی کۆرۆناو خوایاربێت لە چەند رۆژی ئایندەشدا بە پارێزراوی و سەلامەتی ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنین".
لەبارەی لەمپەرەکانیشەوە، بەڕێوەبەری گشتی وتی:" بەڕاستی لەمپەری دارایی گەورەترین کێشەبوو، چ دواکەوتنی مووچەی کارمەندانمان و چ بودجە بۆ خەرجییەکان، بەداخەوە بۆ ئەو هەموو ئەرک و کارانەی لەسەر شانمان بوو، کە لەمەودواش لەسەر شانمانە بودجەی پێویستمان لەبەر دەستدا نییە، ئەگەر هاوکاری چاکەکاران نەبووایە نەماندەتوانی بەو ئاسانییە لەو دۆخە دەرچین، هەروەک بۆ لەمەودواش پێویستمان بە هاوکارییەو چاوەڕوان دەکەین چاکەکاران دەستبارمان بگرن بۆ ئەوەی ئەوەی پێویستە بۆ منداڵان و بەساڵاچووانی جێ بەجێ بکەین و لە ئاستی خواست و پێویستییەکاندا بین، هەروەک ڕوومان لە وەزارەتمان و وەزارەتی داراییە چاودێک بە دۆخی پێشینەی مانگانەی فەرمانگەکانماندا بخشێننەوە و ڕەچاوی ئەو فشاری کارو پێداویستیانە بکەن کە ڕووبەڕوومان دامەزراوەو بەڕێوەبەرایەتیەکانمان دەبنەوە".