بەڕێوەبەری گشتی لەگەڵ بەڕێوەبەری پەیمانگاو سەنتەرەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کەمئەندامانی سلێمانی کۆبوویەوە
ڕۆی سێشەممە، ٣ی ٩ی ٢٠١٩، بەڕێز م.عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێریو گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی بەڕێزان ئاشتی نوری، بەڕێوەبەری چاودێری کەمئەندامانی سلێمانیو لەتیف شێخ عەزیز، جێگری بەڕێوەبەر لەگەڵ هەریەکە لە بەڕێزان عوسمان حەمەکەریم، بەڕێوەبەری سەنتەری ڕۆشناییو مەریوان لەتیف، بەڕێوەبەری پەیمانگای ڕووناکی بۆ نابینایانو نازەنین عەلی، بەڕێوەبەری پەیمانگای هاناو بەهار عەبدوڕەحیم، بەڕێوەبەری پەیمانگای هیوا بۆ نابیستانو کەژاڵ عەلی، بەڕێوەبەری پەیمانگای ئاوات بۆ پەروەردەی مێشک، کۆبوویەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی پاش پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن، وتەیەکی پێشکەشکردو تیایدا ئامانجەکانی کاری پەیمانگاکانی وەبیر ئامادەبووان هێنایەوە، هەروەک جەختی کردەوە لەوەی پێویستە هەموو توانای خۆمان بخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ژمارەیەک منداڵی زیاتر لە پەیمانگاکان سودمەندبن، هەروەک باشترکردنی ئەدای پەیمانگاو ڕێکخستنی زیاتریان لە ڕووی کارگێڕیو پڕۆگرامەوە بەگرنگ زانی.
دواتر بەڕێز م.عومەر گوڵپی، تیشکی خستە سەر گشتاندنی ژمارە (٣٤٨٤) لە ٢٥ی ٨ی ٢٠١٩ و ئەوەی خستەڕوو کە ئامانج لەو گشتاندنە ئەوەیە کە پێویستە پەیمانگاو سەنتەرەکان لە هەفتەیەکدا شەش ڕۆژو لە ڕۆژێکدا شەش سەعات دەوام بکەن، ئەوەش لە پێناو باشترکردنی توانای پەیمانگاو سەنتەرەکان، هەربۆیە ئامادەبووانی ڕاسپارد کار بکەن بۆ دانانی پلانی سەرخستنی ئەو بەرنامەو شێوازی کارکردنە، لەکاتی بوونی ڕێگری کرداریو کێشەی دارایی، ئەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بە پلانو بەرنامەکەیدا دەچێتەوە.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەرەکان بیروڕای خۆیان خستەڕوو، تیایدا سەرەڕای دەربڕینی ئامادەیی بۆ جێ بەجێکردنی فەرمانو ڕێنماییەکان، ئاماژەیان بە ژمارەیەک گیرو گرفت کرد کە ڕووبەڕووی پەیمانگاو سەنتەرەکان دەبێتەوە لەکاتی دەوامدا، کە زۆرینەیان وا بەستەن بە ئاسانکاری بۆ منداڵ و گەنجانی خاوەن پێداویستی تایبەت، لەو بارەیەوە بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی بەڵێنیدا هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە.
|