ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی ٨ی ٢٠١٩، بەسەرپەرشتی بەڕێز م.عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی و ئامادەبوونی سەرجەم بەرپرسانی دیوان، ئەندامانی ئەنجومەنی دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بەڕێوەچوو.
ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتبوو لە تاوتوێکردنی ئەو زانیاریی و ڕاپۆرتە هەواڵیانەی لەبارەی بوونی کەم و کورتی لە ماڵەکانی منداڵانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەلایەتی سلێمانی لە ٢٥ی ٨ی ٢٠١٩ لە کەناڵی ڕووداو بڵاوبوونەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا بە وردی هەڵوێستە لەسەر ئەو پرسە کراو سەرجەم لایەنەکانی شیکرانەوە.
لە دەرئەنجامدا کۆبوونەوەکە گەیشتە ئەو بڕوایەی کە بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاستی و دروستی زانیارییەکان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنرێت و هەر کەم و کورتیەک سەلمێنرا بە پێی یاساو ڕێنماییەکان لێپێچینەوەی بەرانبەر ئەنجامبدرێت، هەروەک سەرەڕای ڕۆڵی گرنگی ڕاگەیاندن، وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی لێدوانی منداڵانی خوار هەژدە ساڵ بە پێچەوانەی بنەماکانی مافی منداڵ و تایبەتمەندییە کەسییەکان لێکدرایەوە، هەروەها بریاردرا ڕوونکردنەوەەیەک بۆ ڕایگشتی بڵاو بکرێتەوە کە تیایدا سەرجەم لایەنەکانی پەیوەست بەو بابەتە بۆ ڕایگشتی ڕوون بکرێتەوە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و پڕەنسیپە هونەری و کارگێڕییەکان.
ئەمەی خوارەوە دەقی ئەو ڕوونکردنەوەیەیە:
ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی
سەبارەت بەو زانیاریانەی لە ڕۆژی (٢٥ی ٨ی ٢٠١٩) لە هەردوو بەرنامەی (بەرپرسیار) و (ڕووماڵی تایبەت) لە کەناڵی (ڕووداو) پەخش بوون، بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ ڕایگشتی دەخاتە ڕوو:
١ـ هەر ئەمڕۆ بەفەرمانی بەڕێز وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزارەتمان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستی و دروستی ئەو زانیاریانە و بەرپاکردنی دادگەری لەو بوارەدا و بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان هاوکارو پشتیوان دەبێت لەو بوارەدا.
٢ـ ئێمە لە بەڕیوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەلایەتی سلێمانی لە بواری پاراستنی منداڵان و بەدەمەوەچوونی ئەو منداڵانەی خێزانەکانیان بە هەر هۆکارێک لە دەست دەدەن بە هەنگاوێکی گەورە لە پێش هەموو هاوپیشەکانمانەوەین لە پارێزگاو شارەکانی تری هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زیاتر لە چوار ساڵە کار دەکەین بۆ ئەوەی پڕۆژەی (خێزانی جێگرەوە) سەرکەوتووبێت و ببێتە جێگرەوەی ماڵەکانی منداڵان، و لە ئێستەداو پاش سەرکەوتنی قۆناغی یەکەمی، پڕۆژەکە بە شێوەیەکی کارایانە کاردەکات و بووەتە فریادڕەسی منداڵ و دڵنیایی دەدات بە هەموومان لەو بوارەدا و بەشێوەیەکی کردەیی منداڵانی لە ماڵەکانەوە گواستوەتەوە بۆ خێزانە جێگرەوەکان، کە ئەوە سەرکەوتنە بۆ حکومەت و وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بە ئاستێک لە ماوەی سێ ساڵی ئایندەدا لە سنوری پارێزگای سلێمانی پێویستی بە ماڵەکانی منداڵان نامێنێت، هەر ئەمەشە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان لە بواری مافی منداڵان و مافی مرۆڤدا زیاتر لە پەنجا ساڵە کاری بۆ دەکەن، چونکە لە هیچ دۆخێکدا و لە هیچ وڵاتێکدا ماڵەکانی منداڵان شوێنێکی شایستە نین بۆ منداڵان.
٣ـ سەرەڕای قەیرانی دارایی و کێشەو گرفتە زۆرەکانی چوارساڵی ڕابردوو و کەمی بودجەو کەمی ستافی پسپۆڕو شارەزا، بە هاوکاری خێرخوازان، هەموو توانای خۆمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی لە ماڵەکانی منداڵان و بەساڵاچووان و ماڵی ژنانی هەڕەشەلێکراو خزمەتگوزاری لە ئاستێکی بەرزدا بێت، وێڕای بوونی هێندێک کەم و کورتی ئەوەش بەرهەمی زۆر باش و بەرچاوی هەبووە، بۆ ئەم ڕاستیەش دەرگای ماڵەکان کراوەبووە بۆ سەردان و بەدواداچوونی بەرێزان پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا.
٤ـ بەداخەوە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە بێ گوێدانە پڕەنسیپە یاسایی و کۆمەڵایەتیەکان و پاراستنی چوارچێوە خێزانیەکان، منداڵان و بەساڵاچووان و هاووڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەنە بەشێک لە وروژاندنی ڕایگشتی بەبێ ڕەچاوکردنی مافە تایبەتی و کەسییەکانیان و بەبێ گوێدانە بەرژەوەندی گشتی و بۆچوونی کەسانی پسپۆڕو شارەزا، ئەم حاڵەتەش زۆر کێشەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی
٢٦ی ٨ی ٢٠١٩