• پێویسته‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ له‌ پێناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ خاڵی‌ له‌ توندوتیژیدا تێبكۆشین
  • منداڵانی‌ نابینا، ده‌توانن له‌ په‌یمانگای‌ ڕووناكی‌ بۆ نابینایان بچنه‌ نێو پڕۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌و فێربوونه‌وه‌، په‌یمانگا چاوه‌ڕوانیانه‌.
  • منداڵانی‌ نابیست ده‌توانن له‌ په‌یمانگای‌ هیوا بچنه‌ پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌و فێربوونه‌وه‌، په‌یمانگا چاوه‌ڕوانیانه‌
  • منداڵانی‌ خۆشه‌ویست: په‌یوه‌ندی‌ به‌ ژماره‌ 116 ه‌وه‌ بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی‌ ڕێنمایی‌
  • مندالاَنی‌ خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت به‌هره‌و توانایی‌ جیاوازیان هه‌یه‌ بۆیه‌ ده‌یێت هاوكاری‌و پیشتیوانی‌ بكرێن بۆ ده‌رخستنی‌ تواناكانیان.
  • منداڵانی‌ خۆشه‌ویست: په‌یوه‌ندی‌ به‌ ژماره‌ 116 ه‌وه‌ بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی‌ ڕێنمایی‌
  • دابینكردنی‌ زه‌مینه‌یه‌كی‌ گونجاو بۆ خوێندن‌و بنیادنانی‌ ئاینده‌یه‌كی‌ گه‌ش بۆ مندالاَن ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ ده‌وڵه‌ته‌.
  • مندالاَنی‌ خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت به‌هره‌و توانایی‌ جیاوازیان هه‌یه‌ بۆیه‌ ده‌یێت هاوكاری‌و پیشتیوانی‌ بكرێن بۆ ده‌رخستنی‌ تواناكانیان.
  • مندالاَنی‌ خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت به‌هره‌و توانایی‌ جیاوازیان هه‌یه‌ بۆیه‌ ده‌یێت هاوكاری‌و پیشتیوانی‌ بكرێن بۆ ده‌رخستنی‌ تواناكانیان.
  • بێكه‌وه‌ كارده‌كه‌ین بۆ دابینكردنی‌ ئاینده‌كی‌ گه‌ ش بۆ مناڵان .
  • منداڵانی‌ كه‌مئه‌ندام پێویستیان به‌هاوكاری‌‌و ڕێزه‌... نه‌ك جیاوازیكردن‌و په‌راوێز خستنیان
 
هەواڵ
بەریوەبەرایەتی‌ گشتی‌ سەرکەوتنی‌ قۆناغی‌ یەکەمی‌ پڕۆژەی‌ خێزانی‌ جێگرەوەی‌ ڕاگەیاند

رۆژی‌ دووشەممە، ٥ی‌ ٨ی‌ ٢٠١٩، لە مەڕاسیمێکی‌ تایبەتدا، و بە ئامادەبوونی‌ ژمارەیەک لە بەرپرسان، بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری‌ و گەشەپێدانی‌ کۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی‌ سەرکەوتنی‌ قۆناغی‌ یەکەمی‌ پڕۆژەی‌ خێزانی‌ جێگرەوەی‌ ڕاگەیاند.

لەو مەڕاسیمەدا بەڕێز بەدریە ئیسماعیل، جێگری‌ سەرۆکی‌ لیژنەی‌ کاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان‌و بەڕێزان کوێستان موحەممەد، وەزیری‌ کارو کاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌‌و د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری‌ سلێمانی‌ و ئازاد حەمەئەمین، سەرۆکی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ و عومەر گوڵپی‌، بەرێوەری‌ گشتی‌ چاودێری‌ و گەشەپێدانی‌ کۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی‌ و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرو بەرپرسانی‌ سنوری‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌، ئامادەیبوون.

لە مەراسیمەکەدا بەڕێز م.عومە گوڵپی‌، بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ چاودێری‌ و گەشەپێدانی‌ کۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی‌ وتەی‌ مەڕاسیمەکەو ڕاپۆرتی‌ ڕوونکردنەوەیی‌ کارو قۆناغەکانی‌ پرۆژەی‌ خێزانی‌ جێگرەوەی‌ پێشکەش کرد، لە وتەکەیدا وێڕای‌ پیرۆزبایی‌ لە هەرێمی‌ کوردستان و پارێزگای‌ سلێمانی‌ بۆ ئەم دەستەکەوت و سەرکەوتنە، هەروەها سەرکەوتنەکەی‌ بەدەستکەوت زانی‌ بۆ وەزارەتی‌ کارو بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری‌ و گەشەپێدانی‌ کۆمەڵایەتی‌ سلێمانی‌، ئومێدیشی‌ خواست قۆناغی‌ داهاتووی‌ پڕۆژەکە قۆناغی‌ باشتر ڕەگ داکوتان و سەرکەوتنی‌ زیاتری‌ پڕۆژەکە بێت.

هەر لەو مەراسیمەدا بەڕێز وەزیری‌ کارو کاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌ وتەیەکی‌ پێشکشەکردو لە وتەکەیدا پیرۆزبایی‌ و دەستخۆشی‌ بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ و سەرجەم بەڕێوەبەرو کارمەندانی‌ سنوری‌ کاری‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ کرد لە سلێمانی‌ بۆ ئەو دەستکەوتانەی‌ بەدەستیان هێناون لە بواری‌ سەرخستنی‌ پڕۆژەی‌ خێزانی‌ جێگرەوەدا، هەروەک جەختی‌ کردەوە لەسەر ئەوەی‌ وەزارەت کار دەکات لە ساڵانی‌ ئایندەدا پڕۆژەکە لە هەولێرو دهۆکیش جێ بەجێ بکرێت.

هەر لە مەراسیمەکەدا هەریەکە لەبەڕێزان کاک د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارو کاک ئازاد حەمەئەمین، سەرۆکی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ وتەی‌ دەستخۆشی‌ و پیرۆزباییان پێشکەش کرد، پاشان خاتوو ڕەیچڵ نیوتن، وتەی‌ ڕێکخراوی‌ ستێپی‌ بەریتانی‌ کە جێ بەجێکاری‌ لایەنی‌ هونەری‌ پڕۆژەکە بوون پێشکەش کرد.

هەر لە مەراسیمەکەدا خەڵات و ڕێزلێنان پێشکەش بە بەرپرس‌و توێژەرانی‌ خێزانی‌ جێگرەوەو سەرۆک‌و ئەندامانی‌ لیژنەی‌ پەسەندکاری‌ خێزانی‌ جێگرەوە کرا.
 
دەقی‌ وتارو ڕوونکردنەوەی‌ قۆناغ‌و هەنگاوەکانی‌ سەرکەوتنی‌ قۆناغی‌ یەکەمی‌ پڕۆژەی‌ خێزانی‌ جێگرەوەو چۆنیەتی‌ کارکردنی‌ کە لەلایەن بەڕێز بەڕێوەبەری‌ گشتیەوە پێشکەش کرا:

بەناوی‌ خوای‌ بەخشندەی‌ میهرەبان

وەزارەتی‌ کارو کاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌
بەرێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری‌ و گەشەپێدانی‌ کۆمەلایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی‌
وتارو ڕوونکردنەوەیی‌ مەڕاسیمی‌ سەرکەوتنی‌ قۆناغی‌ یەکەمی‌ پڕۆژەی‌ خێزانی‌ جێگرەوە

ئامادەبووانی‌ بەرێز:

ئێوە لەم بۆنە گرنگە ئامادەن بۆ ئەوەی‌ پێتان بڵێین خوشکان و برایانتان لە سنوری‌ کاری‌ بەرێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری‌ و گەشەپێدانی‌ کۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی‌ چییان کردووە لە بواری‌ پاراستنی‌ منداڵ و بەرنامەیان چییە بۆ پاراستن و پەروەردەکردنی‌ ئەو منداڵانەی‌ خێزانەکانیان بەشێوەی‌ کاتی‌ یان بەشێوەی‌ هەمیشەیی‌ لە دەستدەدەن و ئەو بەرنامەیە چەند قۆناغی‌ بڕیوە، ئەوەش لە چوارچێوەی‌ پرۆژەیەکدا کە بۆ یەکەمجارە لە هەرێمی‌ کوردستان و عێراق جێ بەجێدەکرێت.

بۆچی‌ خێزانی‌ جێگرەوە؟ ئەی‌ ماڵەکانی‌ منداڵان کێشەیان چییە؟ شوێنێکی‌ گونجاو نین؟

ماڵەکانی‌ منداڵان خاوەن تایبەتمەندی‌ خۆیانن، شێوازی‌ ژیان تیایاندا بە جۆرێک بەرێوە دەچێت، ئەگەرچی‌ بەرپرس و کارمەندان تیایاندا زۆر دڵسۆزبن، و هیچ کێشەیەکی‌ دارایی‌ و ستافیش نەبێت، ئەوە هێشتا ئەو سۆزو خۆشەویستی‌ و پەرژین و سیتسمە نەرمەی‌ تێدا نییە کە سروشتی‌ منداڵ دەیخوازێت، بۆیە پشتکردنە ماڵەکانی‌ منداڵان و ڕووکردنە خێزانی‌ جێگرەوە تاکە بژاردەی‌ نمونەییە تا ئێستا پێشکەوتنەکانی‌ بواری‌ کاری‌ کۆمەڵایەتی‌ و پاراستنی‌ منداڵ لە جیهانی‌ نوێدا پێی‌ گەیشتوون و زۆرێک لە وڵاتانی‌ نزیک و دووریش ئەزموونیان کردووە، هەربۆیە بە خۆشحاڵیەوە لە کوردستانیش ئەو پڕۆژەیە دەستی‌ پێکرد بۆ ئەوەی‌ ببیتە چەتری‌ سەری‌ ئەو منداڵانەی‌ کە خیزانەکانیان لەدەست دەدەن، وەک تاکە کێڵگەیەک بۆ ئەزموونکردنی‌ ئەو سیستمە باشە لە تەواوی‌ عێراق و هەرێمی‌ کوردستان.

کەواتە خێزانی‌ جێگرەوە چییە؟ و ئامانجەکانی‌ کامانەن؟

خێزانی‌ جیگرەوە نمونەیترین شێوازو سیستمی‌ وەڵامدانەوەیە بۆ کێشەی‌ ئەو منداڵانەی‌ کە خێزانەکانیان لەدەست دەدەن لەسەر بنەمای‌ باشترین بەرژەوەندی‌ منداڵ، لە ڕێگەی‌ دۆزینەوەو تۆمارکردن، ڕاهێنان و پەسەندکردن و هاوتاکردنی‌ ئەو خێزانانەی‌ کە ویستیان هەیە لە پڕۆژەکەدا بەشداربن، تا ئەو کاتەی‌ منداڵەکە لە خێزانەکەدا جێگر دەبێت.

هەربۆیە ئامانجی‌ چاودێری‌ جێگره‌وه‌ بریتییه‌ له‌ دابینكردن‌و ڕه‌خساندنی‌ هه‌موو جۆره‌كانی‌ چاودێری‌ بۆ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ كه‌ چاودێریی‌ خێزانی‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ هه‌روه‌ها په‌روه‌رده‌كردنیان به‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی‌ ڕاست‌و دروست‌و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و سۆزو خۆشه‌ویستییه‌ی‌ له‌ ده‌ستیانداوه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ ڕه‌خساندنی‌ ژینگه‌یه‌كی‌ خێزانی‌ جێگره‌وه‌ بۆیان.

چی‌ کراوە بۆ خێزانی‌ جێگرەوە لەماوەی‌ سێ ساڵی‌ ڕابردوودا؟

ئەگەرچی‌ بیرۆکەی‌ کارکردن بۆ جێگیرکردنی‌ خێزانی‌ جێگرەوە بۆ زیاتر لە حەوت ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە، بەڵام لەماوەی‌ کارکردنی‌ کرداریدا لە سێ ساڵی‌ ڕابردوودا پرۆژەکە توانیویەتی‌ ئەم هەنگاوانەی‌ خۆی‌ بهاوێت:

١ـ دەستنیشانکردنی‌ بەرپرس و ستافی‌ خێزانی‌ جیگرەوە.
٢ـ کردنەوەی‌ هۆبەی‌ خێزانی‌ جیگرەوە وەک یەکەیەکی‌ ئیداری‌ سەر بە بەرێوەبەرایەتی‌ چاودێری‌ کۆمەڵایەتی‌ سلێمانی‌.
٣ـ ڕاهێنانی‌ ستاف بۆ پرۆسەکانی‌ تۆمارکردنی‌ خێزانەکان، پرۆسەی‌ پێشکەشکاری‌، هەڵسەنگاندن، کردنەوەی‌ خولی‌ باوانێتی‌ ئەرێنی‌.
٤ـ دەرکردنی‌ رێنمایی‌ خێزانی‌ جێگرەوە لەلایەن وەزارەتی‌ کارو کاروباری‌ کۆمەڵایەتییەوە، کە رێنمایی‌ ژمارە(١)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١٧)یە.  
٥ـ ئامادەکردنی‌ سیستم لەلایەن وەزارەتەوە بۆ دەرچوواندنی‌ لەلایەن ئەنجومەنی‌ وەزیرانەوە.
٦ـ کارکردنی‌ کردارەکی‌ پرۆژەکە بە پەسەندکردنی‌ خێزان و گواستنەوەی‌ منداڵ بۆ ناو خێزانە جێگرەوەکان.

کێن ئەوانەی‌ پاڵپشتی‌ پرۆژەکە دەکەن؟

پڕۆژەکە لەلایەن ڕێکخراوی‌ (یونسێف)ەوە بۆ ماوەی‌ سێ ساڵە و بە بەردەوامی‌ هاوکاری‌ دارایی‌ دەکرێت، و لەلایەن ڕێکخراوی‌ (ستێپ)ی‌ بەریتانیەوە کارە هونەرییەکان و ڕاهێنان بۆ ئامادەکاری‌ توێژەرەکان و دانانی‌ سیستمی‌ خێزانی‌ جێگرەوە بە هێنانی‌ ڕاوێژکارو پسپۆڕی‌ شارەزا ئەنجامدەدرێن.

مەرجەکانی‌ ئەو خێزانەی‌ دەبنە خێزانی‌ جێگرەوە چین؟

بە پێی‌ ماددەی‌ پێنجەم لە ڕێنمایی‌ خێزانی‌ جێگرەوە، خێزانی‌ جێگرەوە دەبێت خاوەنی‌ ئەم مەرج و تایبەتمەندییانەی‌ خوارەو بێت:
1. عێراقی‌ بێت‌و دانیشتوی‌ هه‌رێم بێت.
2. شایسته‌یی‌ یاسایی‌ هه‌بێت.
3. به‌ خوو ڕه‌وشتی‌ په‌سه‌ند‌و باش ناسراوبێت.
4. نه‌خۆشی‌ گوازراوه‌ی‌ نه‌بێت.
5. توانای‌ له‌ خۆگرتن‌و به‌خێوكردنی‌ منداڵ‌و دابینكردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌ چاودێری‌ جێگره‌وه‌ی‌ هه‌بێت‌و نیازپاك بێت.
6. پێویسته‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ژن‌و پیاو ته‌مه‌نیان له‌ 25 ساڵ زیاتر بێت. 

ئه‌و مه‌رجانه‌ی‌ پێویسته‌ هه‌بن بۆ ئه‌وه‌ی‌ منداڵێك چاودێری‌ جێگره‌وه‌ بیگرێته‌وه‌ کامانەن؟

یه‌كه‌م: منداڵێك كه‌ به‌ده‌ست گرفته‌ خێزانییه‌كانه‌وه‌ گرفتاره‌ یان چاودێری‌ دایك‌و باوك یان یه‌كێكیانی‌ به‌هه‌ر هۆكارێك له‌ده‌ستداوه‌ یان ناشایسته‌یی‌ دایك یان باوك یان هه‌ردووكیان یان ( وصی‌)‌و (متولی‌)یه‌كه‌ی‌ یان به‌هه‌ر هۆكارێكی‌ تری‌ پێویست.

دووه‌م: پێویسته‌ ته‌مه‌نی‌ له‌ هه‌ژده‌ ساڵ كه‌متربێت.

سێیه‌م: پێویسته‌ له‌ یه‌كێك له‌ ماڵه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ چاودێری‌ نه‌وجه‌وانان بمێنێته‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی‌ دیاریده‌كات به‌ر له‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ خێزانه‌ جێگره‌كه‌وه‌ بكات.

دەرئەنجامی‌ کارکردنی‌ خێزانی‌ جێگرەوە، چەند خێزان پەسەندکراون؟ چەندیان بوونەتە خێزانی‌ جێگرەوە؟

لەبەر ئەوەی‌ سیستمەکە بە تەواوەتی‌ نوێیە لە کوردستان و کارکردن لە قۆناغی‌ دانانی‌ بناغەدا کاری‌ زۆری‌ دەویست، بۆیە پرۆسەی‌ پەسەندکردنی‌ خێزانی‌ جێگرەوەکان و جێگیرکردنی‌ منداڵەکان پرۆسەیەکی‌ هێواشە، ئەمەش بەپێی‌ ئەو رێگرییانەی‌ دێنە پێش، زۆربەی‌ کات لە ماوەی‌ نێوان دوو بۆ شەش مانگە پێویستە تا خێزانێک پەسەند دەکرێت و دەبێتە خێزانی‌ جێگرەوە، لەماوەی‌ سێ ساڵی‌ ڕابردووشدا پرۆژەکە توانیویەتی‌:

١ـ (٣٩) خێزان تۆماربکات و کاریان بۆ بکات و بیانهێنێتە ناو پرۆژەی‌ خێزانی‌ جێگرەوە. 
٢ ـ (١٨)خێزان پەسەند بکات و ببنە خێزانی‌ جێگرەوە.
٣ ـ (١١)منداڵ نێردراونەتە ناو خێزانە جێگرەوەکان.
٤ ـ لە ڕێگەی‌ توێژەرانی‌ کۆمەڵایەتی‌ و دەروونی‌ ڕاهێنراوەوە، بەجۆرێک هەر منداڵێک توێژەرێک و هەرخێزانێک توێژەرێک، بە بەردەوامی‌ سەردانی‌ خێزانەکان کراوە بە پێی‌ بەرنامەیەکی‌ حساب بۆ کراو، بەمەبەستی‌ پاڵپشتی‌ خێزانەکان و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی‌ منداڵ و باشی‌ دۆخی‌ پەروەردەیی‌ و تەندروستی‌ منداڵەکان، ژمارەی‌ ئەو سەردانانەش بریتیووە لە (٣٠٠ سەردان).

کێشەو لەمپەرەکانی‌ بەردەم پڕۆژەکە چین؟

سەرەڕای‌ ڕاگەیاندنی‌ سەرکەوتنی‌ قۆناغی‌ یەکەمی‌ پرۆژەی‌ خێزانی‌ جێگرەوە، بەڵام بە پێویستی‌ دەزانین ئاماژە بە کێشەکانی‌ بەردەم پرۆژەکە بدەین، تا ئەو کاتەی‌ بە تەواوەتی‌ شوێنپێی‌ خۆی‌ دەکاتەوە، کێشەکانیش بەمجۆرە دەخەینە ڕوو:
١ـ کەلێنی‌ یاسایی‌: بەهۆی‌ نەبوونی‌ یاسایەکی‌ تایبەت و زۆر ڕوونەوە، دادوەرە بەڕێزەکان خۆیان دەستکراوە نابینن لە مامەڵەکردن لەگەڵ پڕۆژەکەدا، سەرەڕای‌ پشتیوانی‌ بەردەوامیان لەسەر بنەمای‌ باشترین بەرژەوەندی‌ منداڵ.

٢ـ ڕۆشنبیری‌ خەڵک و ئەو هاووڵاتیانەی‌ سەردانی‌ پڕۆژەکە دەکەن و دەیانەوێت خێزانی‌ جێگرەوە بن، کە زۆرینە چاویان لەوەیە منداڵەکە بۆ هەمیشە منداڵی‌ ئەوان بێت، ئەمەش پێچەوانەی‌ ویستی‌ ئێمەیە کە بە دوای‌ بەرژەوەندی‌ منداڵەوەین چ لای‌ خێزانی‌ جێگرەوە یان خێزانی‌ بایۆلۆجی‌.

٣ـ لاوازی‌ توانای‌ ماددی‌ و پێویستییەکانی‌ بەردەست.

پێویستە لە داهاتوودا چی‌ بکرێت بۆ پڕۆژەکەو قۆناغی‌ داهاتووی‌ چییە؟

سەرکەوتنی‌ پڕۆژەکە لە سێ ساڵی‌ ڕابردوودا بە دەستکەوتێکی‌ گەورە ئەژمار دەکرێت بۆ عێراق و هەرێمی‌ کوردستان و بەتایبەت پارێزگای‌ سلێمانی‌، هەروەک سەرکەوتنێکی‌ گەورەشە بۆ وەزارەتی‌ کارو کاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌ و بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکەمان، خۆشحاڵین کە پڕۆژەکە سەرکەوتنێکی‌ گەورەی‌ بەدەستهێناوە، توانیویەتی‌ کۆڵەکەی‌ کارە گرنگەکانی‌ بچەقێنێت، ماوەتەوە چی‌ بکات بۆ ئەوەی‌ پڕۆژەکە لە خەم بڕەخسێت و بە تەواوی‌ هێزو تواناوە ئامادەبێت بۆ وەرگرتنی‌ هەر مندالێک لە هەر کاتێک و لەهەر دۆخێکدا، هەربۆیە ئەرکەکانی‌ قۆناقی‌ دووەم و داهاتووی‌ پرۆژەکە بەمجۆرەی‌ خوارەوە دەخەینەڕوو:


1. ئامادەکردنی‌ ڕەشنوسی‌ پرۆژە یاسای‌ خێزانی‌ جێگرەوە لەلایەن وەزارەتەوە و ناردنی‌ پۆ پەرلەمان بۆ دەرچوواندنی‌ وەک یاسایەکی‌ تایبەت بە خێزانی‌ جێگرەوە، تا دادگاکان باشتر بتوانن هاوکارو پاڵپشتی‌ خێزانی‌ جیگرەوەبن لە پێناو بەرژەوەندی‌ منداڵدا.
2. لە ڕێگەی‌ وەرگرتنی‌ ڕاهێنان و شارەزایی‌ نوێوە، پڕۆژەکە دەست دەکات بە فراوانکردنی‌ کارەکانی‌ بە جێگیرکردنی‌ منداڵی‌ سەرو ٤ ساڵ و حاڵەکانی‌ تری‌ تایبەت بە مندا و ئامادەکردنی‌ خێزان بۆ حاڵەتی‌ لەناکاو.
3. فراوانکردنی‌ کارەکانی‌ خێزانی‌ جێگرەوە بۆ دەرەوەی‌ شاری‌ سلێمانی، بۆ ئەوەی‌ وەڵامی‌ ئەو خێزانانە بدرێتەوە کە لە قەزاو ناحیەکانی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئارەزوومەندن ببنە خێزانی‌ جێگرەوە.
4. بەدواداچوونی‌ پێویست لەلایەن وەزارەتەوە بۆ تەواوکردنی‌ قۆناغەکانی‌ دەرچوواندنی‌ سیستمی‌ خێزانی‌ جێگرەوە لە ئەنجومەنی‌ وەزیران.
5. تەرخانکردنی‌ بودجەو پارەی‌ پێویست بۆ بەڕێوەچوونی‌ پرۆژەکەو هاندانی‌ خێزانە جێگرەوەکان بە پێدانی‌ هاوکاری‌ دارایی‌ وەک ئەوەی‌ لە زۆرێک لە وڵاتان بەڕێوە دەچێت.



سوپاس و پێزانین:
بەڕیوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری‌ و گەشەپێدانی‌ کۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی‌ لە چوارچێوەی‌ ئەم پڕۆژەیەدا سوپاسی‌ ئەم کەس و لایەنانە دەکات کە هاوکارو پاڵپشتی‌ پڕۆژەکە بوون و ئەگەر ئەوان نەبوونایە ئەستەم بوو خێزانی‌ جێگرەوە سەرکەوتووبێت:

١ـ بەرپرس و کارمەندانی‌ ڕێکخراوی‌ یونسێف لە هەولێرو سلێمانی‌ و بەغداد.
٢ـ ڕێکخراوی‌ ستێپ و کارمەندو ڕاوێژکارەکانی‌.
٣ـ لیژنەی‌ باڵای‌ خێزانی‌ جێگرەوە لە وەزارەتی‌ کارو کاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌.
٤ـ دادوەرە بەڕێزەکان لە دادگای‌ نەوجەوانانی‌ سلێمانی‌.
٥ـ سەرۆکایەتی‌ داواکاری‌ گشتی‌ سلێمانی‌.
٦ـ دەزگاکانی‌ پۆلیس و ئاسایش و تەندروستی‌ و ئەوقاف و لیژنەی‌ فتوا لە سلێمانی‌.
٧ـ ئەو خێزانانەی‌ خۆبەخشانەو خوا ویستانە و مرۆییانە لە پڕۆژەکە هاتنەپێش، چونکە بەبێ ئەوان نەدەکرا پڕۆژەکە سەرکەوتووبێت.
٨ـ بەپرس و توێژەرو کارمەندانی‌ هۆبەی‌ خێزانی‌ جێگرەوە، هەروەها سەرۆک و ئەندامانی‌ لیژنەی‌ پەسەندکاری‌ لە بەڕێوەبەرایەتی‌ چاودێری‌ کۆمەڵایەتی‌ سلێمانی‌ و بەشەکانی‌ پارێزگاری‌ خێزان و پلان لە دیوانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌.

ـ کۆتایی‌ ـ


05/08/2019
بابەتی زیاتر...
   
© Copyright 2016 All Rights Reserved.