• پێویسته‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ له‌ پێناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ خاڵی‌ له‌ توندوتیژیدا تێبكۆشین
  • منداڵانی‌ نابینا، ده‌توانن له‌ په‌یمانگای‌ ڕووناكی‌ بۆ نابینایان بچنه‌ نێو پڕۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌و فێربوونه‌وه‌، په‌یمانگا چاوه‌ڕوانیانه‌.
  • منداڵانی‌ نابیست ده‌توانن له‌ په‌یمانگای‌ هیوا بچنه‌ پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌و فێربوونه‌وه‌، په‌یمانگا چاوه‌ڕوانیانه‌
  • منداڵانی‌ خۆشه‌ویست: په‌یوه‌ندی‌ به‌ ژماره‌ 116 ه‌وه‌ بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی‌ ڕێنمایی‌
  • مندالاَنی‌ خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت به‌هره‌و توانایی‌ جیاوازیان هه‌یه‌ بۆیه‌ ده‌یێت هاوكاری‌و پیشتیوانی‌ بكرێن بۆ ده‌رخستنی‌ تواناكانیان.
  • منداڵانی‌ خۆشه‌ویست: په‌یوه‌ندی‌ به‌ ژماره‌ 116 ه‌وه‌ بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی‌ ڕێنمایی‌
  • دابینكردنی‌ زه‌مینه‌یه‌كی‌ گونجاو بۆ خوێندن‌و بنیادنانی‌ ئاینده‌یه‌كی‌ گه‌ش بۆ مندالاَن ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ ده‌وڵه‌ته‌.
  • مندالاَنی‌ خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت به‌هره‌و توانایی‌ جیاوازیان هه‌یه‌ بۆیه‌ ده‌یێت هاوكاری‌و پیشتیوانی‌ بكرێن بۆ ده‌رخستنی‌ تواناكانیان.
  • مندالاَنی‌ خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت به‌هره‌و توانایی‌ جیاوازیان هه‌یه‌ بۆیه‌ ده‌یێت هاوكاری‌و پیشتیوانی‌ بكرێن بۆ ده‌رخستنی‌ تواناكانیان.
  • بێكه‌وه‌ كارده‌كه‌ین بۆ دابینكردنی‌ ئاینده‌كی‌ گه‌ ش بۆ مناڵان .
  • منداڵانی‌ كه‌مئه‌ندام پێویستیان به‌هاوكاری‌‌و ڕێزه‌... نه‌ك جیاوازیكردن‌و په‌راوێز خستنیان
 
هەواڵ
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ یادی‌ جینۆسایدو كاره‌ساتی‌ ئه‌نفال ده‌كاته‌وه‌

به‌ئاماده‌بوونی‌ سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رو به‌رپرسانی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ یادی‌ جینۆسایدو كاره‌ساتی‌ ئه‌نفال ده‌كاته‌وه‌.

ڕۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌، 11ی‌ 4ی‌ 2019، به‌سه‌رپه‌رشتی‌ به‌ڕێز م.عومه‌ر گوڵپی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌‌و ئاماده‌بوونی‌ جێگرانی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌‌و شاره‌زاكانی‌ دیوان‌و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌كانی‌ سنوری‌ كاری‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌‌و به‌رپرسی‌ به‌ش‌و هۆبه‌كان‌و به‌رپرسی‌ دامه‌زراوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ به‌ ڕێكخستنی‌ سه‌ردانێكی‌ فه‌رمی‌ بۆ مۆنۆمێنتی‌ شه‌هیدانی‌ جینۆسایدی‌ ئه‌نفال له‌ شاری‌ چه‌مچه‌ماڵ، یادی‌ كاره‌ساتی‌ پڕ له‌ خه‌می‌ ئه‌نفال‌و جینۆسایدی‌ گه‌لی‌ كوردی‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ساڵی‌ 1988 له‌سه‌ر ده‌ستی‌ حزبی‌ به‌عسی‌ له‌سه‌ر كارلادراو به‌سه‌ر گه‌لی‌ كوردا هات.

شاندی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ له‌لایه‌ن هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان كاك ڕه‌مك ڕه‌مه‌زان، قائمقامی‌ چه‌مچه‌ماڵ‌و كاك هابیل ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ مۆنۆمێنتی‌ ئه‌نفال‌و كاك ئه‌رده‌ڵان موحه‌ممه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ كاره‌باو كاك ئارام نه‌جات، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ شاره‌وانی‌ چه‌مچه‌ماڵ‌و كاك به‌رزان كه‌ریم، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ چاودێری‌‌و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ چه‌مچه‌ماڵه‌وه‌ پێشوازیكران.

له‌و سه‌ردانه‌دا سه‌ره‌تا به‌ڕێز كاك هابیل، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ مۆنۆمێنتی‌ شه‌هیدانی‌ ئه‌نفال وته‌یه‌كی‌ پێشكه‌شی‌ ئاماده‌بووان كردو له‌ وته‌كه‌یدا سه‌ره‌ڕای‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر مۆنۆمێنته‌كه‌ و مێژوو بایه‌خی‌ دروستبوونی‌، یادكردنه‌وه‌و سه‌ردانی‌ شاندی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ بۆ مۆنۆمێنته‌كه‌ به‌كارێكی‌ زۆر گرنگ‌و پیرۆز زانی‌‌و پێی‌ وابوو ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاره‌ فه‌رمانگه‌یه‌كی‌ حكومه‌ت به‌و قه‌باره‌یه‌ سه‌ردانیان ده‌كات‌و به‌شداری‌ ئه‌و یاده‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌كات.

پاشان به‌ڕێز م.عومه‌ر گوڵپی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ وته‌یه‌كی‌ پێشكه‌شكردو تیایدا ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕوو كه‌ ده‌بێت ئێمه‌ وه‌ك گه‌لی‌ كورد گرنگی‌‌و بایه‌خی‌ ته‌واو به‌ كاره‌سات‌و یاده‌وه‌ری‌‌و ڕۆژه‌ نیشتیمانییه‌كان‌و قوربانییه‌كانمان بده‌ین، هه‌روه‌ها به‌ پێویستی‌ زانی‌ بابه‌تی‌ جینۆسایدی‌ گه‌لی‌ كوردو كیمیاییبارانكردنی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌رجه‌م ئازاره‌كان، له‌ زانیاریی‌‌و ڕۆشنبیرییه‌كی‌ ساده‌وه‌ لای‌ هاووڵاتی‌ كورد بگۆڕدرێت بۆ كاریگه‌ریی‌ كلتوری‌‌و گۆڕینی‌ ڕۆشنبیری‌‌و جۆری‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ مرۆڤی‌ كورد، ئه‌وه‌ش له‌ ڕێگه‌ی‌ دامه‌زراندن‌و كاركردنی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ تایبه‌تی‌ وه‌ك مۆنۆمێنت‌و سیستمی‌ په‌روه‌رده‌وه‌.

هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا به‌ڕێز به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ جه‌ختی‌ كرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ پێویسته‌ یاده‌وه‌ری‌‌و كاره‌ساته‌كان وا له‌ هه‌موومان (خه‌ڵك‌و حكومه‌ت، كارمه‌ندو هاووڵاتی‌) بكات، كه‌ زیاتر نیشتیمانیانه‌ بیربكه‌ینه‌وه‌و واز له‌ شته‌ بچوك‌و لاوه‌كییه‌كان بهێنین‌و هه‌موو له‌سه‌ر خزمه‌تكردنی‌ وڵات‌و نیشتیمانه‌كه‌مان یه‌ك ده‌ست‌و یه‌ك ڕه‌نگ بین و ناكۆكییه‌كانمان وه‌لا نێین، به‌وه‌ش ده‌توانین قه‌ره‌بووی‌ ئه‌و هه‌موو دواكه‌وتنه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌مانه‌ به‌رانبه‌ر دۆزه‌ نیشتیمانی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان و كاره‌سات‌و قوربانییه‌كانمان.

پاشان ئاماده‌بووان پێكه‌وه‌ تاجه‌ گوڵینه‌یان له‌سه‌ر سیمبولی‌ شه‌هیدانی‌ ئه‌نفا داناو به‌ خوێندنی‌ سوره‌تی‌ فاتیحه‌و دوعای‌ خێر، یادی‌ شه‌هیده‌كانیان كرده‌وه‌و سه‌ردانی‌ گۆڕستانی‌ گڵكۆی‌ شه‌هیدانیان كرد و له‌ خوا ی‌ گه‌وره‌ پاڕانه‌وه‌ شوێنی‌ شه‌هیدان به‌هه‌شتی‌ به‌رین بێت.

هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌دا، ئاماده‌بووان پێكه‌وه‌ سه‌ردانی‌ به‌شه‌ جیاجیاكانی‌ مۆنۆمێنته‌كه‌یان كرد،‌و له‌ كۆتاییدا به‌ڕێز به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌‌و شاندی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ سوپاس‌و ده‌ستخۆشی‌ تایبه‌تی‌ خۆیان ئاراسته‌ی‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان قائیمقامی‌ قه‌زاو به‌ڕێوه‌به‌رو ستافی‌ مۆنۆمێنتی‌ شه‌هیدانی‌ ئه‌نفال‌ له‌ چه‌مچه‌ماڵ‌و به‌ڕێوه‌به‌رو كارمه‌ندانی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ چاودێری‌‌و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ چه‌مچه‌ماڵ كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌و ڕێكخستنی‌ ئه‌و بۆنه‌یه‌.
 
ئه‌نفال، ئه‌و ناوه‌ بوو كه‌ ڕژێمی‌ دڕه‌نده‌ی‌ سه‌ددام و حزبى بەعس، بۆ چه‌واشه‌كردنی‌ ڕاى گشتى گه‌لانی‌ عه‌ره‌ب‌و جیهانی‌ ئیسلامی‌ به‌كاریهێنا بۆ ناونان له‌و شاڵاوه‌ی‌ كه‌ به‌ هه‌شت قۆناغ له‌ ساڵی‌ 1988 كردیه‌ سه‌ر گه‌لی‌ كوردستان‌و له‌ ئه‌نجامدا هه‌زاران هاووڵاتی‌ بێ گوناح به‌ زۆر ڕاپێچی‌ چاڵه‌كانی‌ مه‌رگ كران و له‌ بیابانه‌كانی‌ خواروی‌ عێراق كران به‌ ژێر خۆڵه‌وه‌و هیچ وڵاتێكی‌ دونیاش له‌و كاته‌دا له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ نه‌هاته‌ ده‌نگ.



11/04/2019
بابەتی زیاتر...
   
© Copyright 2016 All Rights Reserved.