عەلی وەردی دەگێڕیتەوە:
ئافرەتێکی لاو تازە شووی کردبوو،لەخەونیدا مێردەکەی بینی بەدەوری ئافرەتێکی قژ زەرددا دێت .بەترس و توڕەییەوە خەبەری بۆوە و کەوتە بیانووگرتن بە مێردەکەی و تاوانباری کرد بەخیانەت ،کاتێک خەڵکی گوتیان مێردەکەت هیچی نەکردووە ، ژنەکە ووتی چۆن هیچی نەکردووە ؟؟ ئەگەر ئەو لەخەونی مندا بەدەوری ئافرەتێکی قژ زەرددا بێت ،ئەبێت لەخەونی خۆیدا چی بکات ؟
کێشەکە هەر ئەمەیە زۆرینەی ژن و پیاوەکانی دنیا ئەمەندە بەتوندی یەکتری داگیردەکەن ، ئەمەندە بە توندی یەکتری ئەبەستنەوە تا لەشوێنێکدا ئەپچڕێن ، سەرەنجام دوای چەند ساڵێکی کەم دەبینیت هاوسەرگیریەکەیان ئەگۆڕێ بۆ (هاوسەرجیڕی) چونکە (چێشت سارد بۆتەوە و کەچی کاسە هەر گەرمە) خۆشەویستی کەم بۆتەوە و کەچی شەڕ هەر گەرمە ، لەکاتێکدا قەراربوو ئەمانە تەمەنێک (هاوسەر) بن ، کەچی عەیامێکە (هاوشەڕ)ن ،
تەماشا بکە :-
خێزان دەبێت وەک (ئاو) وابێت (ڕوون و ڕەوان ) نەک (توند و ڕەق) سروشتی ئاویش وایە کە چەندە خاوێنیش بێت کە وەستا (بۆگەن) ئەکات ،سروشتی ئاو وایە ناوەستێ، ئاو ئەگەر بەربەستیشی لەبەردەمدا دروست بکەیت چی ڕووئەدات ؟
یان ڕێڕەوێکی تر ئەدۆزێتەوە (توشی لادانی کۆمەڵایەتی دەبێت) یان بەسەر بەر بەستەکەدا باز ئەدات و ئەڕژێت و هەموو شتێک لەگەڵ خۆی دەبات ،
بەڵام ئەندازیارەکان بۆ چارەسەر کردنی ئەم دۆخە ، لەژێری بەنداوەکاندا دەرگایان دروست کردووە تا بەشێک لە ئاوەکە بڕژێت تا فشاری سەر بەنداوەکە کەم بێت ، هەر بۆیە ژن و پیاوەکان دەبێت هەندێک بواری یەک بدەن تا بەنداوەکە بەیەکجاری نەروخێ و ماڵ و منداڵ و ئارامی ژیانیان بۆ ئەبەد بەرێت .
نوقتە سەری دێڕ ....
......................................................................
تێبینی:-
* تکا لە خوێنەری بەڕێز ئەکەم مەپەبەست لە (بوار) ئەوە نیە کە ژن و مێرد بواری کاری خراپ بەیەک بدەن نا هەرگیز، یان ئەوەندە (بوار)ەکەش فراوان بێت کە ساردو سڕی دروست بکات یان لە دوایدا بە هیچ (فۆمێکی کۆمەڵایەتی ) پڕ نەکرێتەوە ، ئەسڵی قسەکە ئەمەیە کە :
(دەبێت هاوسەنگی هەبێت لە نێوان فشار و کوالێتی کاڵادا)