لهم كورته وتارهدا، باس له نهخۆشی خهمۆكی و نیشانهكانی دهكهین، تا ئهگهر ههستت كرد نهخۆشییهكی دهروونی لهمجۆرهت ههیه به شێوهیهكی زانستی مامهڵهی لهگهڵ بكهن له ڕێگهی پزیشكی پسپۆڕهوه.
دهربارهی خهمۆكی
یەکێکە لەنەخۆشیە باوە دەرونییەکان کە ڕیژەیەکی زۆر لەخەلکی هەیانە. نەخۆشی خەمۆکی چەندین جۆری هەیە دەتوانین بیانکەین بە دوو بەشی سەرەکیەوە:
- نەخۆشی خەمۆکی گەورە. (Major Depressive Disorder)
- نەخۆشی خەمۆکی درێژخایەن. (dysthymia)
نیشانەی سەرەکی ئەمجۆرە نەخۆشییە بریتییە لەدڵتەنگی و نەمانی حەز و خولیا و ئارەزوو بۆ ژیان.
توشبون بە نەخۆشی خەمۆکی گەورە:
- توشی هەموو قۆناغەکانی تەمەنی مرۆڤ دەبێ، ڕێژەکەی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا زیاد دەکات. تەنانەت منداڵانی تەمەن بچوکی پێش چونە قوتابخانە توشی خەمۆکی دەبن!
- ڕێژەکەی لەڕەگەزی مێ دا دوو هێندەی ڕەگەزی نێرە.
- ڕێژەی خەمۆکی لە وڵاتێکی وەکو ئەمریکا لەناو گەوراندا زیاترە لە (%٦) و لەکوردستانیش دەگاتە لە (%٤)
نیشانەکانی نەخۆشی خەمۆکی گەورە:
چەندین نیشانەی دەرونی, جەستەیی و رەفتاری هەیە, کە لە ٩ نیشانەی سەرەکیدا کورتیان دەکەینەوە:
1. دڵتەنگی و دڵتوندی کە نەخۆش لە ناخەوە هەستی پێدەکات. بۆ نمونە نەخۆش دەڵێت "زۆر دڵمتوندە", یان "خەریکە دڵم دەتەقێت".
2. کەمبوونەوە یاخود نەمانی حەزو خولیاکان کە پێشتر هەیبووە: بۆ نمونە پێشتر ئارەزوی لەگەران و چونە دەرەوە بووە، کاتێک توشی ئەم نەخۆشییەدەبێت حەزی لە گەران و چوونە دەرەوە نامێنێت، هەروەها ئارەزوی سێسکی دادەبەزێت.
3. تێکچوونی خەو: زۆربەی کات نەخۆشەکە خەوی کەمدەبێتەوە کەدەبێتە هۆ ئەوەی تێرخەونەبێت. هەندێک نەخۆشیش بە پێچەوانەوە خەویان زۆر دەبێت و لە رێژەی ئاسایی خەو زیاتر دەخەون.
4. تێکچوونی ئارەزووی خوارن یان کێش: زۆربەی نەخۆشەکان ئارەزوویان بۆ خواردن نامێنێت یان کێشیان دادەبەزێت. هەندێک نەخۆش نیشانەکەیان پێچەوانە دەبێتەوە ئارەزووی خواردن و کێشیان زیاد دەکات.
5. تێکچونی جوڵەی جەستە: زۆربەی کات نەخۆش جوڵەو حەرەکاتی لاشەی کەمدەبێتەوە، هەندێکجاریش زۆر زیاد دەکات بە رادەیەک وەک ئەوەی لە کوردەواریدا پێیدەوترێت ماخۆلانییەتی.
6. بوونی بیرکردنەوەی دووبارە و زۆر دەربارەی مردن و خۆکوژی، یان بوونی حەزی خۆکوژی لای نەخۆش، بەشێکیش لەم نەخۆشانە هەوڵی خۆکوژی دەدەن.
7. بێهێزی لاشە و نەمانی وزە و هێز: نەخۆش بە بەردەوامی هەست بە شەکەتی و ماندوبوون دەکات و توانای ئەنجامدانی کارە رۆتینە رۆژانەییەکانی کەمدەبێتەوە، بەشێوەیەک زۆربەی کات لەناو جێگەدایە بەبێئەوەی بخەوێت یان پاڵدەکەوێت.
8. هەستی خۆبەکەمزانین و هەستکردن بەتاوان: نەخۆش خۆی بە کەسێکی بێنرخ دێتە بەرچاو و سەرزەنشتی خۆی دەکات. هەروەها خۆی بە تاوانبار و گوناهبار دەزانێت و هەڵەیەکی بچوکی ژیان دەکاتە گوناهێکی گەورە لەسەرخۆی و بەدەوام بیریلێدەکاتەوە.
9. کەمبوونەوی سەرنج و لاوازی تەرکیز: نەخۆش زۆرجار ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە توشی لەبیرچونەوە بووە، دەڵێت "شتم لەبیر دەچێتەوە", "زۆر تەرکیزم نەماوە، نازانم شتەکانم لە كوێن.
دەستنیشانکردنی نەخۆشی خەمۆکی گەورە:
بۆ دەستنیشانکردنی (تەشخیسکردنی) کەسێک کە نەخۆشی خەمۆکی گەورەی هەیە، پێویستە نەخۆش ئەم حاڵەتانەی بەیەکەوە هەبێت:
- نەخۆش دەبێت بەلای کەمەوە پێنج نیشانەی لە نۆ نیشانە سەرەکییەکان هەبێت. یەکێک لەو پێنج نیشانەش دەبێت یەکێک لە نیشانەی یەکەم (دڵتەنگی) یان دووەمی (کەمبوونەوە یاخود نەمانی حەزو خولیاکان) هەبێت.
- بۆ ماوەی دوو هەفتە بە بەردەوامی و بە نزیکەیی هەموو رۆژێک نیشانەکانی هەبێت. واتە ٢ هەفتە بەردەوام سکاڵای ئەو نیشانانەی هەبێت.
- ئەو نیشانانە ببنە هۆی بێزارکردنی و کەمکردنەوەی تواناکانی لە کاروپیشەکەیدا و کاریکردبێتە سەر تێکەڵبوون و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
- نەخۆش دەستنیشان نەکرابێت بە نەخۆشیتریدەرونی وەکو شیزۆفرینیا یان نەخۆشی وەهم، لەم کاتانەدا دەگونجێت نتشانەکان هی نەخۆشیەکەی تربن نەک خەمۆکی.