به‌ڕێوه‌چوونی دیبه‌یتی نێوان م.عه‌لی باپیر‌و كاك مه‌لا به‌ختیار، وه‌ك دوو كه‌سایه‌تی كه ته‌عبیر له دوو به‌ره‌و دوو ئایدیا‌و دونیابینی جیاواز ده‌كه‌ن، جێگه‌ی له‌سه‌ر وه‌ستانه، به‌تایبه‌ت كاتێك ئه‌م دووانه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ڕوونتر ته‌عبیر له دونیابینی دوو به‌ره‌ی عه‌لمانی‌و ئیسلامی ده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر ئه‌و بیروڕایانه تێپه‌ڕێنین كه پێش به‌ڕێوه‌چوونی، ڕه‌خنه‌یان له دیبه‌یته‌كه ده‌گرت، به‌تایبه‌ت له ڕووی كات‌و ته‌وه‌ری دیبه‌یته‌كه‌وه كه به‌لای زۆرێك له‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌وه دووركه‌وتنه‌وه‌یه له چه‌قی كێشه‌و گرفته‌كانی كوردستان‌و سه‌رقاڵكردنی ڕای گشتییه به ئاریشه‌یه‌كه‌وه به‌لای كه‌مه‌وه له ئێسته‌دا ڕای گشتی تا ڕاده‌یه‌كی زۆر فه‌رامۆشی كردووه، ئه‌وا ده‌كرێت له‌م چه‌ند خاڵه‌دا گرنگترین ئه‌و خاڵه ئه‌رێنییانه بخه‌ینه‌ڕوو كه جێكه‌وته‌ی دیبه‌یته‌كه‌ن له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیماندا:
یه‌ك : ئێمه له كوردستان كلتورێكی ته‌واو هه‌ژارمان له گفتوگۆی شارستانیانه هه‌یه، گفتوگۆیه‌ك كه له دۆخێكی هێمانه‌دا به‌ڕێوه‌بچێت، ڕوون‌و ئاشكرا هه‌ردوو لایه‌نی گفتوگۆكار بۆچوونی خۆیان بخه‌نه‌ڕوو، به‌بێ موجامه‌له‌و دوور له خاترانه‌ی سیاسی‌و به‌رژه‌وه‌نده‌ییه‌كانی تر، كلتورێك كه كاتێك قسه بكات به‌ڵگه بهێنێته‌وه‌و بۆ سه‌لماندنی بۆچوونه‌كه‌ی بیر له هێزی به‌ڵگه‌و لۆژیك بكاته‌وه نه‌وه‌ك هێزه‌كانی تری جۆراو جۆر كه كه‌سی گفتوگۆكار پشتیان پێده‌به‌ستن، وه‌ك جه‌ماوه‌رو هێزو پاره‌و ده‌سه‌ڵات.
دوو: كه‌متر ئه‌وانه‌ی پێگه‌یان له ئاستی باڵای سیاسی‌دا هه‌یه گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌و كاته‌ی گفتوگۆكه ڕێك له چه‌قی ناكۆكییه‌كاندا به‌ڕێوه بچێت، كه‌متر دوو كه‌سایه‌تی كاریگه‌ر له‌ڕووی سیاسی‌و پێگه‌ی جه‌ماوه‌رییه‌وه ئاماده‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ن، له‌م ڕووه‌وه ئه‌گه‌ر دۆخێك بۆ خستنه‌ڕووی بۆچوونیش خرابێته ڕوو، ئه‌وه دیومانه چۆن یه‌كێك له لایه‌نه‌كانی دوو بۆچوونه‌كه هۆڵه‌كه‌ی به‌جێهێشتووه‌و ئاماده‌ی بیستنی بیروڕای به‌رانبه‌ره‌كانی یان ڕكابه‌ره‌كانی نه‌بووه.
سێ: له كوردستان ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی پێویستی به به‌هێزكردن هه‌یه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له ژیانی شارستانیدا پێویستمان به‌وه هه‌یه هه‌موو جیاوازییه‌كان له پێكدادانه‌وه بپه‌ڕێنینه‌وه بۆ گفتوگۆ، له چه‌له‌حانێوه تێپه‌ڕن بۆ گوێ له‌یه‌ك گرتن، له په‌نجه ڕاوه‌شاندن‌و تووڕه‌بوونی تیڤییه‌كانه‌وه ببه‌ین بۆ دۆخ‌و كه‌ش‌و هه‌وای حیواری ئاست به‌رز، گرنگه له بری شاردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان، جیاوازییه‌كان پیشان بدرێن، له بری گفتوگۆكردنیان به شێوه‌یه‌كی توند له هه‌موو شوێنێكی ژیان، به هێمنی له هۆڵه‌كاندا گفتوگۆ بكرێن، به كورتی بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی پارێزراو بێت‌و كۆمه‌ڵگه له خراپییه‌كانی ڕاجیایی به دووربێت‌و ڕا جیایی‌و فره‌یی بۆی ببێت به خێر‌و بێر، پێویسته نمونه‌ی به‌رجه‌سته هه‌بێت تا له ئاستی كۆمه‌ڵگادا حیوار‌و گفتوگۆ ببێته كلتور، تا جیاوازییه‌كان سانا بكرێنه‌وه لای خه‌ڵك .
چوار : له كوردستان هه‌تا ئێستاش حزبه‌كان له ڕێگه‌ی میدیا تایبه‌ته‌كانی خۆیانه‌وه ده‌یانه‌وێت هه‌ر ئه‌وه به تاكه بۆچوونی ڕاست پیشانبده‌ن كه خۆیان به په‌سه‌ندی ده‌بینن، به ئاستێك هێندێكجار به‌رانبه‌ره بۆچوون جیاوازه‌كان ده‌گه‌یه‌ننه ئاستی خیانه‌ت‌و ناوناتۆره‌ی تری وه‌ك نانیشتیمانی‌و نا ئاینی‌و زۆر شتی تریش، له‌مجۆره حیوارانه‌دا لایه‌نگرانی بۆچوونه‌كان ناچارده‌بن گوێ له‌یه‌ك بگرن، ناچار ده‌بن ببینن بیركردنه‌وه‌ی تریش هه‌یه‌و ناشتوانن بیسڕنه‌وه، ناچار ده‌بێته مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن‌و په‌سه‌ندی بكه‌ن وه‌ك یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی مرۆڤ كه بیركردنه‌وه‌ی جیاواز‌و بۆچوونی جیاواز‌و دونیابینی جیاوازه.
پێنج : گه‌وره‌یی ئه‌م دیبه‌یته له ئاسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی، فراوانییه‌كه‌ی له ڕووی چاوه‌ڕوانی خه‌ڵكه‌وه بۆی، سه‌رقاڵبوونی سۆشیه‌ڵ میدیا پێیه‌وه، گواستنه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی 3 كه‌ناڵی ئاسمانی‌و بینینی له‌لایه‌ن ملیۆنان هاووڵاتی كوردستانییه‌وه له ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، یه‌كێكیتر له بایه‌خه هه‌ر گه‌وره‌كانی ئه‌م دیبه‌یته‌یه، به ئاستێك له دیبه‌یت‌و گفتوگۆی دوو كه‌س‌و دوو به‌ره‌وه گواستییه‌وه بۆ دیبه‌یتی كۆمه‌ڵگایی، لێره‌وه‌ش دیبه‌یت‌و داننان به بیروڕای جیاواز‌و گوێ له یه‌ك گرتن وه‌ك تاكه بژارده ده‌خرێته به‌رده‌م كۆمه‌ڵگا بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان‌و به‌ڕێوه‌بردنی ململانێكان.
شه‌شه‌م‌و كۆتایی: سه‌ركه‌وتنی دیبه‌یته‌كه به‌و ئاسته‌ی به‌رنامه‌ی بۆ داڕ‌ێژرابوو، له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه، ماوه‌و كاتی ده‌ستپێكردن‌و كۆتایی، هێمنی هۆڵ، پابه‌ندی‌و هێمنی جه‌ماوه‌ری ئاماده‌بوو، ته‌كنیك‌و ده‌نگ‌و گواستنه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ، پابه‌ندی‌و هێمنی گفتوگۆكاران، ئاست‌و بێلایه‌نی پێشكه‌شكاران‌و به‌ڕێوه‌به‌رانی دیبه‌یته‌كه، هه‌موو ئه‌مانه پێمان ده‌ڵێن ده‌كرێت كه‌وتبینه سه‌ر ڕێگه‌كه، ڕێگه‌ی په‌نابردنه به‌ر گفتوگۆی شارستانی‌و دووركه‌وتنه‌وه له دۆخی توند‌و تیژی‌و پێكدادانی كۆمه‌ڵایه‌تی، یان به‌لای كه‌مه‌وه له‌نێو ئه‌و هه‌موو ژاوه ژاوه‌ی ناشیرنكردنی هه‌موو شته‌كانی وه‌ك: خۆپیشاندان، ئاهه‌نگ‌و مانگرتن‌و زۆر شتی تریش، ده‌كرێت گفتوگۆی شارستانیانه‌ش به‌ڕێوه بچێت‌و سه‌ركه‌وتووش بین تیایدا.
*به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چاودێریی‌و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی له پارێزگای سلێمانی.
له ( خه‌ندان ) وه‌رگیراوه .