لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا دوور و نزیک لە میدیا جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا کارم کردووەو تاڕادەیەکیش ئاگاداری وردەکایی کارکرکردن و ڕووماڵ و پەیوەندییە ئۆرگانی و نا ئۆرگانییەکانی ئەو میدیایانەم. بەڵام لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، وەک کارەکتەرێکی سەرەکی و بەرپرسی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی یەکێک لە سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، کە پەرلەمانی کوردستانە، کارم کرد، بە شێوازێکی فراوانتر تابلۆی ڕووداوە ئاشکرا و نهێنییەکانم لە نزیکەوە بینی. ئەم دوو ساڵە بۆ من، بە هەمو کۆسپ و تەگەرە و کێشەکانییەوە، خەرمانێکی گەورە و ئەزموونێکی فراوان بوو لە پەیوەندی و کارکردن. لەم ماوەیەدا بە وردی ئاگاداری جوڵاندنی هەواڵ و بەدەستهێنانی زانیاریی بووم لەلایەن میدیاکاران و ڕۆژنامەنووسانەوە، شتێک کە زۆر شانازی پێوە دەکەم، لەم دوو ساڵەی کارکردنمدا، توانیمان بە پراکتیکی تاڕادەیەک ئەو درووشمە بکەینە ڕاستی، کە دەرگای زانیاریی بۆ ڕۆژنامەنووسان بخەینە ڕوو، هەرچەندە لە نزیک خۆمان و لە دەرەوەش ئەم کارە هێندە ئاسان و بێ کێشە نەبوو، بەڵام توانیم بە بۆشاییەک، لەنێوان پەرلەمان و هەمو میدیاکانی کوردستان بە حیزبی و ئەهلی و سێبەرەوە بوەستین.
(لە داهاتوودا ورد و درشتی کارکردنی خۆم، کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەمم لە سەرۆکایەتی پەرلەمان و لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمان بڵاودەکەمەوە)
لەماوەی ئەم دوو ساڵەی کارکردنم لەپەرلەمانی کوردستان ئەوەم بۆ دەرکەوت، ئەوەی هەندێجار میدیا لەم وڵاتەدا وەک هەواڵ و زانیاریی بە هاوڵاتی دەگەیەنێت، چەکێکی وێرانکەر و کوشندەیە و پشێویی لەناو ژیانی هاوڵاتی و لایەنە سیاسییەکان زیاتر دەکات.
ئەگەر لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، دڵمان بەوە خۆش بێت، پەراوێزێک بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەریی و ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان درووست بووە و دەیان کارەکتەری پڕۆفیشناڵی میدیایی و ڕۆژنامەنووسی بوێر و بەرپرسیار درووست بوون، دەبێت بە دیوەکەی تریشدا غەمگین و نیگەران بین بە شێواندنی ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەرێمی کوردستان. کە بە پلەی یەکەم گیانی نابەرپرسیارانە و نەبوونی شەفافییەت و نەبەخشینی زانیاریی درووست، هۆکاری سەرەکی ئەم شێواندنە سیاسی و کۆمەڵایەتییە، کە هەندێجار وای کردووە هەواڵە ناڕاستەکانی نێو میدیاو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لایەنەکان وەک چەکێک بۆ شەڕی دەروونی، دژ بە یەکتر بەکاری بێنن. ئەگەر لە ملانێی سیاسییەکاندا، هێزێک بەرامبەر هێزێکی تر بدۆڕێت، هێزی دۆڕاو، تەنها بە دزە پێکردنی هەواڵی ناڕاست لەسەر لایەنی بەرامبەر و کارەکتەرە دیارەکانی بۆ ناو دەزگاکانی ڕاگەیاندن، هۆکارێکی بەهێزە بۆ پارسەنگ کردنەوەی دۆڕان و هەڵە و کەموکورتییەکانی. نمونەی ئەم ڕووداوانەش بێ شومار زۆرن.!
ئەوەی مایەی نیگەرانییە، هەندێ جار میدیای ئەهلی و ئەو میدیایەی تاڕادەیەک بەرپرسیارترە، زیاتر لەم بابەتەدا دەکەونە هەڵەوە. ڕەنگە هۆکاری ئەمەش زۆربن، هەر لە نەدانی زانیاریی پێیان تا دەگاتە ئابڵۆقەدانی ئابورییان و بردنی ڕۆژنامەنووسەکانیان بۆ دەزگا ڕاگەیاندنە سێبەرەکان. بەڵام هیچی پاساو نییە بۆ کەوتنە هەڵەی زەق لە پێدانی زانیاریی و بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی وا کە ببێتە چەکێکی وێرانکەر و کووشندە لە کۆمەڵگەدا.!