ئه‌ڵوه‌ن عه‌بدولغه‌فوور: ئامانجامانه دایه‌نگه‌كان شوێنێكی گونجاوبن بۆ گه‌شه‌ی منداڵ
ڕۆژی پێنجشه‌ممه، 19ی 9ی 2019، به‌ڕێز خاتوو ئه‌ڵوه‌ن عه‌بدولغه‌فوور، یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بۆ كاروباری هونه‌ری‌و بەهاوڕێیەتى به‌ڕیز هیوا سه‌عید، به‌رپرسی به‌شی دایه‌نگه‌كان له دیوانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی چاودێری‌و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی له پارێزگای سلێمانی به‌شداریكرد له بۆنه‌یه‌كی تایبه‌ت به فراوانكردن و نوێكردنه‌وه‌ی دایه‌نگه‌ی گۆیژه‌ی ناحكومی و ڕایگه‌یاند:" به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیمان له ڕێگه‌ی به‌شی دایه‌نگه‌كانه‌وه ئامانجیه‌تی ئاستی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری له دایه‌نگه‌كان بگه‌یه‌نێته ئه‌و ئاسته‌ی كه دایه‌نگه‌كان شوێنێكی به ته‌واوه‌ی گونجاوو به توانان بن بۆ گه‌شه‌ی منداڵ".
له‌و بۆنه‌یه‌دا سه‌ره‌ڕای پیرۆزبایی له فراوانكردنی دایه‌نگه‌ی گۆیژه‌و نوێكردنه‌وه‌ی، به‌ڕێز ئه‌ڵوه‌ن عه‌بدولغه‌فوور وه‌بیری خاوه‌ن‌و به‌ڕێوه‌به‌رو ستافی دایه‌نگه‌ی هێنایه‌وه كه پابه‌ندی به سیستم‌و یاسا‌و ڕێنماییه‌كان مایه‌ی پێشكه‌وتنی دایه‌نگه‌یه‌و ده‌ستبه‌ری پێشكه‌وتنیشی ده‌كات.
هه‌ر له‌و بۆنه‌یه‌دا به‌ڕێز هیوا سه‌رعید وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو له وته‌كه‌یدا ده‌ستخۆشی له ستافه‌كانی دایه‌نگه‌ی ناوبراو كرد‌و پاشان سیاسه‌تی به‌شی دایه‌نگه‌كانی له سه‌رپه‌رشتی و به‌دواداچوونی دایه‌نگه‌كان ڕوونكرده‌وه‌و جه‌ختی كرده‌وه له‌سه‌ر به‌رده‌وامی ئه‌و سیاسه‌ته ڕاست و دروسته كه هه‌ڵقوڵاوی یاسا‌و ڕێنماییه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای منداڵه.
|